به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتووچۆى هه‌ولێر

بڕیارێک لە وەزارەتی ناوەخۆوە بۆ بەرژەوەندی شوفێران..

10/09/2023
2059

لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆوە ٢٠٪ لێخۆش بوون لە سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاگەیەندرا ئاماژە بە رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (١٠٦١٢ لە ٢٨/٨/٢٠٢٣) و نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٢١٨٠٥ لە ٨/٨/٢٠٢٣) کە ئاراستەی بەڕێزیان کرابوو، بە گوێرەی فەرمانی وزاری ژمارە (٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣) وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی (٦) شەش مانگ لە ٢٨/٨/٢٠٢٣ تا ٢٨/٢/٢٠٢٤ لە ٢٠٪ سزاکانی هاتوچۆ خۆشبوو. بە گوێرەی فەرمانی ئاماژە بۆ کراو لە سەرەوە، ئەو هاووڵاتیانەی قەرزی پێشووی سزاکانی هاتوچۆیان لەسەرە لەگەڵ ئەوانەش کە لە ماوەی دیاریکراو لە فەرمانەکە سەرپێچی هاتوچۆ دەکەن و سزا دەدرێن، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی باری دارایی هاووڵاتیان، تەنیا ٨٠٪ی بڕی سزاکە دەدەن. واتا هەر هاووڵاتیەک سزاکانی هاتوچۆی لەسەر بێت تا ٢٨/٢/٢٠٢٤ تەنیا ٨٠٪ی سزاکە پاکتاو دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوون لە ٢٠٪ی سزاکەی بۆ دەکات. هەر لە فەرمانە وزارییەکە هاتووە: "لە دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە، هەر کەسێک پێبژاردن نەدات لە ماوەی (٣٠) رۆژدا، ئەوا بە پێی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت". واتا: لە دوای تێپەڕبوونی ئەو شەش مانگەی لە فەرمانی وزاری سەرەوە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان کار بە بڕگەی (٣) لە بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ دەکەن کە باس لەوە دەکات کە سزای سەرپێچی هاتوچۆ پێویستە لە ماوەی (٣٠) رۆژ لە ئەنجامدانی سەرپێچییەکە بدرێت، بە پێچەوانەوە سزاکە دەبێتە دوو بەرامبەر. واتا هەر هاووڵاتیەک لە ٢٩/٢/٢٠٢٤ ەوە هەر جۆرە سەرپێچییەکی هاتوچۆ بکات و سزای دارایی بدرێت، پێویستە لە ماوەی یەک مانگ بڕی ئەو سزایە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند پاکتاو بکات، ئەگەر لە (٣٠) ڕۆژ زیاتر بە سەر سەرپێچیەکە تێپەڕ بێت، بڕی سەرپێچییەکە دەبێتە دوو بەرامبەر. شوفێرانی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە کە ئامانجی سزای سەرپێچی بۆ ڕێگریکردنە لە ئەنجامدانی سەرپێچی نەک بۆ سزادانی خەڵک. کاتێک شوفێر تا مۆڵەتەکەی نوێ دەکاتەوە یان ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشێت، سزاکانی پاکتاو ناکات، سزاکەی کاریگەری نابێت و نابێتە ڕێگر لە دووبارە نەبوونەوە. بۆیە چەندین شوفێر کەوتونەتە ژێر قەرزی گەورەی سزاکانی هاتوچۆ و بە ئاسانی ناتوانن پاکتاوی بکەن. بە پێچەوانەوە، ئەگەر شوفێر مانگانە کە سزای هاتە سەر و پێش ٣٠ سی ڕۆژ ناچار بوو سزاکەی بدات، بێگومان پێداچوونەوە بە خۆی دەکات و هەوڵ دەدات سەرپێچی نەکات. بەم جۆرەش ناکەوێتە ژێر قەرزێکی گەورە و مەترسیش لەسەر خۆی و خەڵکی دیکە کەم دەکاتەوە. داوا لە شوفێرانی ئازیز دەکەین کە خۆیان لە سزاکانی هاتوچۆ بپارێزن و پابەند بن بە ڕێنماییەکان. ئەوانەی سزایان لەسەرە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و تا ٢٨/٢/٢٠٢٤ پاکتاوی سزاکان بکەن و سوود لە ٢٠٪ی لێخۆشبوون وەربگرن. هەروەها لە دوای ئەو ڕێکەوتە خۆیان بپارێزن و ئەگەر سەرپێچیان کرد مانگانە سزاکانی خۆیان پاکتاو بکەن دەنا بڕی سزاکان دەبێتە دوو بەرامبەر. هیوادارین هەموو لایەک پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بین و دوور بکەینەوە لە سەرپێچییەکانی هاتوچۆ. راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٠/٩/٢٠٢٣

ALL RIGHTS RESERVED TO HAWLER TRAFFIC POLICE @2020 - POWERED BY ICT